میرزا عەبدۆلقادری پاوەیی
میرزا عەبدۆلقادر یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمانی وێژەی کوردییە، لە ساڵی ١٢٦٦مانگی لە شاری پاوە لە دایک بووە، ناوی باوکی میرزا محەممەد کۆڕی کێخوا جەعفەرە. لە تەمەنی چواردەساڵان دەسی کردووە بە شێعر ھۆنین، زۆربەی ساڵەکانی ژیانی بە گەڕان بە سەر بردووە و زۆربەی شارەکانی عێراق و تورکیا گەڕاوە، و ھەر لەم گەڕانە فێری زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی بووە. و بە دوای ٦٢ ساڵ ژیانی پڕبار و پڕ لە سەختی لە شاری کرماشان دوا ماڵئاوایی لەم جیھانە کرد.
چەندین بەرھەمی بە نرخی ھەیە کە یەکێک لەوانە جەنگنامەی کۆلە و ئاینەمەلە کە بۆ یەکەم جار لە لایەن مینۆرسکی و لە ساڵی ١٩٤٣ بڵاوکراوەتەوە. لەم جەنگنامە شاعێر بە شێوازێکی سۆنبۆلیک باس لە شەڕی نێوان عۆسمانی و ئێران دەکات کە لە نزیکی شاری پاوە روویداوە. لەم جەنگنامە عۆسمانیەکان بە کۆلە و ئێرانیەکان بە ئاینەمەل بەرانبەرکراون.
یەکێکتر لە بەرھەمەکانی پرسیار و وەڵامی ئاسمان و زەمینە، کە بە شێوازێکی ەونەرمەندانە ھۆنیویەتی و ھەتا نەیخوێنی نازانی چ بەرھەمێکی بە نرخە.
یەکێکتر لە بەرھەمەکانی مەسنەوی شەماڵە، کە شاعێر کە کاک ھادی سپەنجی لە سەرەتای دیوانی ئەم شاعێرە نووسیویەتی: ئەم بەرھەمە، بەرھەمی دەورانی لاویەتی شاعێر بووە و کاتێ ئەم بەرھەمەیە ھۆنیوە لە زەیدی خۆی دوور بووە و شەماڵی ناردووە بەرەو زەیدی و ھەر وەھا بۆ لای دلبەر. لەم پارچە شاعێر شاری خۆی بە باشترین شوێنی جیھان دەزانێت.
ھەر وەھا ھۆنراوەی عاشقانەی حەیدەر و سنۆبەر و کۆپلە ھۆنراوەکانی (رۆزەتۆسەفا) و مەنزوومەی (گۆل و بۆڵبۆڵ) و چەندین بەرھەمیتر، لەم شاعێرە بە ناو بانگە بە جێماون، دیوانی ئەم شاعێرە لە لایەن کاک ھادی سپەنجی لە شاری پاوە کۆکراوە و بە چاپ دراوە، پێش لەوە لە بەغدا دیوانەکەی چاپکرابوو.
ئیستا لە خوارەوە یەکێک لە پارچە شێعرەکانی ئەم شاعێرە بە ناوبانگە دەخەینە روو، لەم ھۆنراوە شاعێر داوا لە مەعشوقی دەکات بێت و دڵی ژێروبان بکات و ئەگەر شتێکی تری جۆدا لە خۆی لەناویا دی، بە تیری مۆژگان پارەپارەی کات، و بە وشەی "تۆ" بە جوانترین شێوە کایە دەکات.
سەوقات
شیرینی دۆسان دۆعا و سڵامەن / سەوقاتی یاران نامەو پەیامەن
شیرەی مۆحێبەت مابەین یاران / وەشتەرەن جە تام شیرینی شاران
نۆقڵو شیرینیم نەقڵ نامەی تۆن / ھەدیە و بەراتم رێزەی نامەی تۆن
باقی تەعارۆف رەسمی زیاڏەن / ئیسرافی مەعرووف لۆقمەی بێداڏەن
فەرموودەی مەعدووم سەرای خاک ماوان / دەک وە رەحمەت بۆ چ خاس فەرماوان
"" دەروون وە مەودای دووریت بیەن رێش / ھەی خاکم بە سەر سەوقاتم پەی چێش""
من ھەر تۆم ھەنی نەک واچی تۆم بۆ / تۆم ھەن چەنی عام، نیەن چەنی تۆ
سا تۆ بۆ دیڏەم بێپەرواو بێ خەم / تۆتۆ، تۆی جەرگم جیا کەر جە ھەم
جا تۆتۆی دەروون بگێڵە پێشدا / ئەر تۆ دیت تۆیێ، غەیر جە تۆ تێشدا
توخوا وێت ئاسا باوەرەش وە بەر / وە مەودای مۆژگان پارەپارەش کەر
قادر چەنی تۆ دنیاش وە کارەن / بێ تۆ زیندەگیش چۆن ژەھر مارەن
نظرات شما عزیزان: